یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2013 به‌رپرسیارنه‌بوونی به‌شداربووی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كوردستان ـ عێراق له‌ رووی سزایی و شارستانی

ژمارەی یاسا : 13
ساڵی دەرچوون : 2013
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و، به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خستییه‌ روو، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی ژماره‌ (31)دا كه‌ رۆژی 17/6/2013 گرێ درا، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2013
به‌رپرسیارنه‌بوونی به‌شداربووی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی 
كوردستان ـ عێراق له‌ رووی سزایی و شارستانی
مادده‌ی یه‌كه‌م: 
هه‌ر كه‌سێك كارێكی پێچه‌وانه‌ی یاسا ئه‌نجام دابێت له‌ ئه‌نجامی توندوتیژی شۆڕشگێڕانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی كوردستان یان به‌هۆیه‌وه‌ دژ به‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عێراق یان ئه‌وانه‌ی هاوكار بوو بوون له‌گه‌ڵیددا له‌پێناو به‌رگریكردن له‌گه‌ڵ و خاكی كوردستان له‌ 11/9/1961 تاكو 4/7/1992.
مادده‌ی دووه‌م:
رێكاره‌ یاسییه‌كان ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌ته‌واوی ڕاده‌گیرێت و راگیراوه‌كانیان ئازاد ده‌كرێن ئه‌گه‌ر تۆمتبار نه‌كرابوون له‌ پرسگه‌لی یاسای تر.
مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ ده‌بێ دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌ ئه‌ستوو بگرێت به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌ی تیایدا روون كراوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌رجێ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سند بكرێت.
مادده‌ی چواره‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.




مادده‌ی پێنجه‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وقائع كوردستان) بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.



                                                                     د.ارسلان بایز اسماعیل 
                                                           سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق





هۆی ده‌رچوونی
به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خه‌باتكارانی پێشمه‌رگه‌ و به‌شداربووانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌كی یاسایی له‌ ئه‌نجامی ئه‌نجامدانیان بۆ ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانیان له‌پێناو به‌رگری كردن له‌ گه‌ل و خاكی كوردستان ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.