یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 11
ساڵی دەرچوون : 2013
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1 ) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (28)ی رۆژی 5/6/2013 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2013
یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
له‌م یاسایه‌دا مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ ئه‌م واتایانه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێكێكیان هاتووه‌: 
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
دووه‌م: په‌رله‌مان: په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق.
سێیه‌م: ده‌سته‌: ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤــ له‌ هه‌رێمی كوردستان. 
چواره‌م: دام و ده‌زگای گشتی: سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری و كارگێریه‌ خۆجێیه‌كان و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆیه‌كان.
پێنجه‌م: دام و ده‌زگای تایبه‌تی: كۆمپانیاكان كه‌رتی تایبه‌ت، یان هه‌ر رێكخراوێكی ناحكومی، یان ده‌سته‌یه‌ك كه‌ مرفقێكی گشتی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، یان بازرگانی ده‌كات، یان پیشه‌یه‌ك ده‌كات، یان حوكمه‌ت ته‌مویلی ده‌كات و كه‌سایه‌تێكی قانونی هه‌بێ.
شه‌شه‌م: فه‌رمانبه‌ری تایبه‌ت: یان كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن دام و ده‌زگاكان دیاری ده‌كرێت بۆ سه‌یركردنی داواكاری وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری.
حه‌وته‌م: بڵاوكردنه‌وه‌: گه‌یاندنی زانیاری به‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌شێوزاێكی گشتی شیاو له‌ رێگای هه‌ر كه‌ناڵێكی ناسراوی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌.
هه‌شته‌م: زانیاری: داتای زاره‌كی یان نووسراو یان تۆمار یان ئامار یان به‌ڵگه‌نامه‌ی نووسراو یان وێنه‌گیراو یان تۆماركراو یان هه‌ڵگیراو به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی رێگه‌یه‌كی دی.
نۆیه‌م: دۆكیۆمێنت: ئه‌و ناوه‌نده‌یه‌ (وسیگ) كه‌ زانیاری تێدا تۆماركراوه‌ به‌چاو پۆشین له‌شێوه‌ و فۆرمات و سه‌رچاوه‌ و مێژووی ده‌رچوون و باره‌ یاسایه‌كه‌یه‌وه‌.

مادده‌ی دووه‌م: ئامانجه‌كان
ئه‌م یاسایه‌ ئه‌م ئامانجانه‌ی هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: تواناداركردن و ئاسانكاری كردن بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم كه‌ پاره‌كتیزی مافی خۆیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دام و ده‌زگای گشتی و تایبه‌ته‌كاندا هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: پشتگیری كردنی پره‌نسیپه‌كانی شفافیه‌ت و به‌شداری كارا بۆ چه‌سپاندنی پرۆسه‌ی دیموكراتی.
سێیه‌م: دابین كردنی كه‌شێكی له‌بارتر بۆ ئازادی راده‌ربڕین و په‌خش و بڵاو كردنه‌وه‌.

به‌شی دووه‌م
ده‌سته‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی
مادده‌ی سێیه‌م:
ده‌سته‌ سه‌رباره‌ی ئه‌م ئه‌ركانه‌ی له‌ یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2010 داهاتووه‌ بۆ چاودێری جێبه‌جێ كردنی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌م ئه‌رك و ده‌سه‌لاتانه‌شی هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: به‌دواداچوونی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و چاودێری كردنی سه‌رپێچیه‌كان و ئه‌و كۆسپانه‌ی دێنه‌ رێگای جێبه‌جێ كردنی یاساكه‌ و ده‌ركردنی راسپارده‌ی پێویست.
دووه‌م: دانانی به‌رنامه‌ی كار بۆ راهێنانی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌حكامه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
سێیه‌م: وه‌رگرتنی سكاڵا و ساغ كردنه‌وه‌یان (التحقیق منها) به‌زووترین كات و گرتنه‌به‌ری رێ و شوێنی پێویست.
چواره‌م: ئاگاداركردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگاكان بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردنی سه‌رپێچی كارانه‌ی ئه‌م یاسایه‌یان تێدا ده‌رئه‌كه‌وێ.
پێنجه‌م: ئاراسته‌كردنی هاوڵاتیان به‌ڕێگای ئه‌وتۆی شیاو بۆ گه‌یشتن به‌و مافانه‌ی له‌م یاسایه‌دا هاتوون ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه‌.
شه‌شه‌م: ده‌خاله‌ت كردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌ حاڵه‌تێكدا داواكار نه‌شیا به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌ زانیاری ده‌ست بكه‌وێ پاش پانهێنانی بۆ ده‌سته‌ هه‌روه‌ها ده‌سته‌ بۆشی هه‌یه‌ داوا له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و تاكانه‌ی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشێل ده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م دادگاكاندا به‌رزبكاته‌وه‌.
حه‌وته‌م: ده‌بێ ده‌سته‌ هه‌ر 6 مانگ جارێك له‌باره‌ی كاروچاڵاكیه‌كانی خۆیه‌وه‌ راپۆرتێك به‌په‌رله‌مان بدات و بۆ رای گشتی بڵاوی بكاته‌وه‌.

به‌شی سێیه‌م
چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری

مادده‌ی چواره‌م: (مافی تێڕوانین و ده‌سكه‌وتنی زانیاری):
هه‌موو كه‌سێك چ سروشتی بێت یان معنوی مافی ئاگاداربوون و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و دۆكیۆمێنتانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌دام ده‌زگاكان داوای ده‌كات به‌ده‌ر له‌و زانیاریانه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی (14) ئه‌م یاسایه‌ رێسپه‌ركراون.
مادده‌ی پێنجه‌م: مافی پێشكه‌شكردنی داواكاری
هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ داوا بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری پێشكه‌ش بكات ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی كه‌ زانیاریه‌ داواكراوه‌كه‌ی تێدایه‌ لای ئه‌م دام و ده‌زگایه‌ بێت كه‌ داواكه‌ی ئاراسته‌ كراوه‌ ئه‌وا پێویسته‌ دانه‌یه‌ك له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی پێ بدات.
مادده‌ی شه‌شه‌م: ئه‌و زانیارییانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یان ئه‌ركه‌
یه‌كه‌م: هه‌ر دام و ده‌زگایه‌كی گشتی ده‌بێ ساڵانه‌ ده‌لیلێك ده‌ربكات یان له‌سه‌ر سایتی ئه‌لیكترۆنی خۆی یان به‌راپۆرتێك كه‌ ئه‌م زانیارانه‌ی تێدابێ بڵاو بكاته‌وه‌ به‌رده‌وام ئاپدێیتیان بكات.
1ـ په‌یكه‌ره‌كه‌ی، ناونیشان و ماڵپه‌ر و ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ی، رێگاكانی په‌یوه‌ندیكردن پێیه‌وه‌ رێكاره‌كانی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، ئه‌ركه‌كانی، بڕیاره‌كانی، رێو شوێنه‌كانی دامه‌زراندن، به‌رپرسه‌كانی و ناونیشانه‌ وه‌زیفیه‌كانیان.
2 ـ بودجه‌ و ته‌رخانكراوه‌كانی، حسابه‌ كۆتایه‌كه‌ی.
3 ـ پڕۆژه‌ جێبه‌جێ كراوه‌كانی، ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌باری جێبه‌جێ كردندان، ئه‌و پڕۆژانه‌ی بڕیاره‌ بێنه‌ جێبه‌جێ كردن.
4 ـ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات رێگای به‌ده‌ستهێنانیان.
5 ـ ئه‌و سكاڵانه‌ی پێشكه‌ش كراون و ئه‌و رێ و شوێنانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه‌ وه‌ری گرتوون.
دووه‌م: ده‌بێ دام و ده‌زگای گشتی كه‌م كردنه‌وه‌ و زیادبوونه‌وه‌كان بۆ موڵك و سامانه‌كانی رابگه‌ینێ به‌ گوێره‌ی یاسا و سیسته‌مه‌ كارپێكراوه‌كان له‌ هه‌رێمدا.

مادده‌ی حه‌وته‌م: رێكاره‌كانی داواكردنی زانیاری ده‌سكه‌وتن
یه‌كه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر داموده‌زگاێكی گشتی یان تایبه‌تی فه‌رمانبه‌رێكی تایبه‌تمه‌ند یان زیاتر بۆ وه‌رگرتنی داواكارییه‌كانی زانیاری ده‌ستنیشان بكات.
دووه‌م: داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی بۆی هه‌یه‌ فۆرمێكی داواكاری زانیاری ئاماده‌بكات وورده‌كاری ڕوون ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی زانیارییه‌ داواكراوه‌كان و ناوی پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌و ئامرازی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردنی له‌خۆ بگرێت به‌مه‌رجێك بارگرانی نه‌بێت به‌سه‌ر پێشكه‌شكاره‌كانی، و دانانی فۆرمه‌كه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆی.
سێیه‌م: داواكردنی زانیارییه‌كان به‌ نووسراویی ده‌بێت ته‌نها له‌ حاڵه‌تی بوونی پاساو نه‌بێت له‌و كاته‌دا ده‌كرێت به‌ زاره‌كی بێت.
چواره‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی ده‌سبه‌جێ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی داواكارییه‌كه‌ تۆماری بكات چ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت یان ڕه‌تبكرێته‌وه‌و تۆمار نه‌كردن به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی نایاسایی داواكارییه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.
پێنجه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی ده‌ رۆژ له‌ رێكه‌وتی وه‌رگرتنی داواكاری زانیاری وه‌ڵامیان بداته‌وه‌و ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زانیاری له‌خۆ بگرێت یان پێویست به‌ راوێژی لایه‌نی سێیه‌م بكات، ئه‌وا بۆی هه‌یه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ بۆ یه‌كجار درێژبكاته‌وه‌ به‌مه‌رجێك له‌ (15) رۆژ زیاتر نه‌بێت.
شه‌شه‌م: له‌ حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ زانیاری پێویستی بۆ پاراستنی ژیانی كه‌سێك یان ئازادییه‌كه‌ی له‌خۆبگرێت، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كه‌ یان تایبه‌تیه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی (48) كاتژمێری دوای پێشكه‌شكردنی وه‌ڵامی بداته‌وه‌.

مادده‌ی هه‌شته‌م: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كان
یه‌كه‌م: له‌ حاڵه‌تی ڕازیبوون له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوی گشتی یان تایبه‌تی راسته‌وخۆ زانیارییه‌كان بداته‌ پێشكه‌شكاره‌كه‌ی.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر زانیارییه‌ داواكراوه‌كان ئاماده‌بن و پێویستیان به‌ هه‌وڵدان نه‌بێت بۆ گه‌ڕان به‌دوایاندا، ئه‌وا ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی یان پۆستی ئه‌لیكترۆنی یان به‌زاره‌كی بدرێنه‌ داواكاره‌كه‌ی.



سێیه‌م: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌، هه‌ر هه‌مووی یان به‌شێكی، ره‌تكرایه‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ری تایبه‌تمه‌ند، له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك كه‌ ڕاده‌ستی پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌ی ده‌كات، هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌ دیاری بكات، به‌ مه‌رجێك هۆیه‌كه‌ له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌رنه‌چێت:
1- زانیاری داواكراو له‌به‌رده‌ستی دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كه‌ نیه‌.
2- زانیاری داواكراو ده‌كه‌وێته‌ نێو چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ده‌رانه‌ی له‌م یاسایه‌دا دیاریكراون.
3- زانیاری داواكراو پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌ جێگه‌و كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی، یان بوونی له‌سه‌ر پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ی یان دراوه‌ته‌ خودی پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌ پێش (6) مانگ.
4- ئاماژه‌كردن بۆ مافی پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دادگای به‌رایی تایبه‌تمه‌ند.

مادده‌ی نۆیه‌م: گه‌یاندنی زانیاری
یه‌كه‌م: پێشكه‌شكاری داواكاری بۆی هه‌یه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ی كه‌ ئاسانه‌ بۆ پێ گه‌یشتنی زانیاریه‌كان ڕوون بكاته‌وه‌و، پێویسته‌ له‌سه‌ر داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی داواكارییه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.
دووه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی ئه‌م داواكارییانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ دادێن له‌ كاتی داواكردنیان، جێبه‌جێیان بكات:
1- وێنه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی دۆكیومێنته‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ لای دامه‌زراوه‌كه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌.
2- مافی لێووردبوونه‌وه‌ له‌ دۆكیومێنته‌كه‌ له‌ كاتی پێویستدا به‌ به‌كارهێنانی ئه‌و ئامرازانه‌ی كه‌وا دامه‌زراوی په‌یوه‌ندار هه‌یه‌تی.
3- مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی دۆكیومێنته‌كه‌ به‌به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌وا كه‌سه‌كه‌ هه‌یه‌تی.
4- دانه‌یه‌كی ده‌قاوده‌قی دۆكیومێنته‌كه‌، چاپكراو بێت یان تۆماركراو، بینراو بێت یان بیستراو، ئه‌گه‌ر توانرا ئه‌م دانه‌یه‌ به‌ به‌كارهێنانی ئامێره‌ به‌رده‌سته‌كانی دامه‌زراوی په‌یوه‌ندار ئه‌نجام بدرێت.
5- ئاماده‌كردنی دانه‌یه‌كی ڕاست و دروست له‌ دۆكیومێنته‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی كورت یان هه‌ر پۆلینێكی تری شێوازه‌كانی دۆكیومێنته‌كه‌.
سێیه‌م: داموده‌زگای په‌یوه‌ندار بۆی هه‌یه‌ پێدانی زانیارییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی سه‌ره‌وه‌ داواكراوه‌ ڕه‌تبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر زیان به‌ دۆكیومێنته‌كه‌ بگه‌ینێت.
چواره‌م: ئه‌گه‌ر دۆكیومێنته‌كه‌ به‌ چه‌ند زمانێكی جۆراوجۆر هه‌بێت، ئه‌وا زانیارییه‌كان ده‌درێنه‌ داواكاره‌كه‌ی به‌و زمانه‌ی یان به‌و زمانانه‌ی ویستی له‌سه‌ره‌.

مادده‌ی ده‌یه‌م: بوونی دۆكیومێنت له‌ لای دامه‌زراوێكی تر:
یه‌كه‌م: كاتێك فه‌رمانبه‌ری تایبه‌تمه‌ند داواكارییه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت، پێویسته‌ جه‌خت بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كه‌ دۆكیومێنتی داواكراوی لا پارێزراوه‌ یاخود نا، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ده‌ستی نه‌بێت، و وابزانێت كه‌وا له‌به‌ر ده‌ستی داموده‌زگاێكی گشتی په‌یوه‌نداری تره‌، ئه‌وا فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ چ داواكارییه‌كه‌ بۆ داموده‌زگای په‌یوه‌ندار ئاراسته‌ بكات و پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌ی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌ یان رێنوێنی بكات بۆ ئه‌م دامه‌زراوه‌.
دووه‌م: ماوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ له‌ رێكه‌وتی ئاراسته‌كردنی بۆ داموده‌زگای په‌یوه‌ندار هه‌ژمار ده‌كرێت.	

مادده‌ی یازده‌م: پاراستنی دۆكیومێنته‌كان
پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر داموده‌زگاێكی گشتی یان تایبه‌تی ئه‌و دۆكیومێنتانه‌ی له‌ لایه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك بپارێزێت كه‌وا تێڕوانینان ئاسان بێت به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی دوازده‌م: راهێنانی فه‌رمانبه‌ران
پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر داموده‌زگاێكی گشتی یان تایبه‌تی ڕاهێنانی گونجاو بۆ فه‌رمانبه‌ره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی له‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، مسۆگه‌ربكات.
مادده‌ی سێزده‌م: پێشكه‌شكردنی راپۆرت به‌ ده‌سته‌
پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر داموده‌زگاێكی گشتی، هه‌ر چوار مانگ جارێك، راپۆرتێك بۆ ده‌سته‌ به‌رز بكاته‌وه‌ به‌مه‌رجێك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ له‌خۆبگرێت:
داواكارییه‌ وه‌رگیراوه‌كان، ئه‌و داواكارییانه‌ی چ به‌ته‌واوه‌تی یان به‌شێكیان په‌سه‌ندكراون یان به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌، ناڕه‌زایی و داوا به‌رزكراوه‌كان، ئه‌و ڕاپۆڕتانه‌ی كه‌ به‌پێی مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م یاسایه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و ئه‌و خولانه‌ی بۆ ڕاهێنانی فه‌رمانبه‌ره‌كانی ئه‌نجامی داون.
مادده‌ی چوارده‌م: (به‌ده‌ره‌كان)
یه‌كه‌م: ناشێت بۆ داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی پێدانی زانیاری ڕه‌تبكه‌نه‌وه‌ به‌ بیانووی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیێكی هاتوو له‌ بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئاشكراكردنی پێویست بكات.
دووه‌م: داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی مافی هه‌یه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ داواكاری زانیاری ڕه‌تبكاته‌وه‌:
1- نهێنی تایبه‌ت به‌به‌رگری و ئاسایشی هه‌رێم (وورده‌كاری چه‌ك و پێداویستیه‌ سه‌ربازییه‌كان، ئه‌ركه‌ نهێنیه‌ سه‌ربازی و ئاسایشییه‌كان، جوله‌و ته‌كتیكی به‌رگری و زانیاری هه‌واڵگریی).
2- ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وا ئاشكراكردنیان ده‌بێته‌ هۆی كارتێكردن له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئه‌و دانووستانانه‌ی كه‌وا هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی تر ده‌یكات، یان له‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا له‌سه‌ر نهێنی بوونی رێككه‌وتن تاوه‌كو بڵاوكردنه‌وه‌ی.
3- ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وا ئاشكراكردنیان ده‌بێته‌ هۆی كارتێكردن له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی لێكۆڵینه‌وه‌كان و دادگاییكردن.
4- ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وا ئاشكراكردنیان ده‌بێته‌ هۆی پێشێلكردنی كێبركێی ڕه‌وا یان مافه‌كانی دانه‌رو خاوندارێتیی هزریی.
5- زانیاری و دۆسیه‌ی كه‌سه‌كان كه‌ تایبه‌تن به‌ خوێندن، یان پزیشكی، یان فه‌رمانبه‌رێتی، یان ژمیره‌ بانكیه‌كانی یان نهێنیه‌ پیشه‌ییه‌كانی به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی كه‌سی په‌یوه‌ندار، و هه‌ر چیه‌كی په‌یوه‌ست بێت به‌ سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی هاوڵاتی و خستنه‌به‌ری ژیانی بۆ مه‌ترسی.
6- ئه‌و داتایانه‌ی كه‌وا ئاشكراكردنیان ده‌بێته‌ هۆی دزه‌كردن بۆ نێو تۆڕه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ پارێزراوه‌كان وناوه‌ڕۆكه‌كانیان ده‌خاته‌ به‌رده‌م ڕه‌شكردنه‌وه‌ یان دزین.
سێیه‌م: به‌ده‌ره‌ هاتووه‌كانی نێو یاسا به‌ركاره‌كانی تر له‌ هه‌رێمدا به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك نه‌بێت.
چواره‌م: ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ به‌نده‌كانی (1، 2، 3)ی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتوون له‌ دوای به‌سه‌رچوونی (20) بیست ساڵ ئاشكرا ده‌كرێن.

به‌شی چواره‌م
حوكمه‌ گشتییه‌كان
مادده‌ی پازده‌م: تێچوونه‌كان
پێشكه‌شكاری داواكاری تێچوونه‌كانی ده‌سكه‌وتنی زانیاری داواكراو له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
مادده‌ی شازده‌م: (پاراستنی فه‌رمانبه‌ر)
نابێت هیچ سزایه‌ك بخرێته‌ سه‌ر هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك كه‌وا زانیاری ده‌رباره‌ی سه‌رپێچی یان پێشێلكردنی ئه‌نجامدراو دژ به‌ یاسا، ئاشكرا ده‌كات.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م: ناڕه‌زایی ده‌ربڕین
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك، داواكاری ده‌سكه‌وتنی زانیاریی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، مافی هه‌یه‌ ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت له‌سه‌ر بڕیارو رێكاره‌كانی داموده‌زگای گشتی یان تایبه‌تی له‌به‌رده‌م سه‌رچاوه‌ كارگێڕیه‌ باڵاكان، ده‌سته‌و، دادگاكانی به‌رایی تایبه‌تمه‌ند له‌ ماوه‌یه‌ك له‌ (7) حه‌وت رۆژ له‌ رێكه‌وتی ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌ی له‌سه‌ری ناڕازییه‌ یان بڕیاری ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌لای ناڕه‌زایی ده‌ڕبڕیوه‌، تێپه‌ڕ نه‌كات، و له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌:
1- ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌، چ به‌ته‌واوه‌تی یان به‌شێكی.
2- تێپه‌ڕینی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دیاریكراوه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌پێی مادده‌ی هه‌شته‌م/ بڕگه‌ی (پێنجه‌م).
3- سه‌پاندنی تێچوونی ناپێویست به‌سه‌ر پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌.
4- ڕه‌وانه‌كردن یان رێنوێنیكردنی بۆ زیاتر له‌ داموده‌زگاێكی تر، به‌ ئامانجی سه‌رلێشێواندنی پێشكه‌شكاری داواكارییه‌كه‌و شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان لێی.
دووه‌م: بڕیاری ده‌ركراو له‌ لایه‌ن دادگای به‌رایی تایبه‌تمه‌ند شیاوی تانه‌لێدانی ته‌مییزی ده‌بێت له‌ لای دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ سیفه‌تێكی ته‌مییزی، له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ رۆژ له‌ رێكه‌وتی پێڕاگه‌یاندن یان هه‌ژماركردنی به‌وه‌ی پێی ڕاگه‌یێنراوه‌و ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ ئه‌نجامی تانه‌لێدانه‌كه‌ ده‌رده‌كرێت بنبڕ ده‌بێت.

مادده‌ی هه‌ژده‌م: به‌رپرسیاره‌تی سزاكاریی و مه‌ده‌نی
یه‌كه‌م: سزا ده‌درێت به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (250.000) دوو سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، هه‌ر كه‌سێك:
1- خۆی بگرێت له‌ پێدانی دۆكیومێنت یان تێڕوانین یان ده‌سكه‌وتنی زانیاری یان زانیاری نادروست پێشكه‌ش بكات به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
2- ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ به‌ر كاره‌كانی ده‌سته‌ له‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ چاودێریی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌. 
دووه‌م: هه‌ر كه‌سێك دۆكیومێنتێك، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی خۆی به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان، به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ناو ببات ئه‌وا سزا ده‌درێت.





به‌شی پێنجه‌م
حوكمه‌ كۆتاییه‌كان
مادده‌ی نۆزده‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیسته‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت.
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی بیست و دووه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ دوای (90) نه‌وه‌ت رۆژ له‌ رێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.


                                                                                                                                                            د.ارسلان بایز اسماعیل
                                                                                                                                                  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق





هۆیه‌ پێویستكاره‌كان
له‌ پێناو چه‌سپاندنی پرنسیپی شه‌فافیه‌ت و رێكخستنی پێشكه‌شكردنی زانیاری دروست، و مافی هاوڵاتی له‌ ده‌سكه‌وتنیان، ئه‌وا ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.