یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی2013 یاسای ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق

ژمارەی یاسا : 8
ساڵی دەرچوون : 2013
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1)ی مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، و پشت به‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خستوویه‌تیه‌ ڕوو، په‌رله‌مانی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (20)ی گرێدراو له‌ رێكه‌وتی 20/5/2013، بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی2013
یاسای ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق

ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م
پێناسه‌و چوارچێوه‌ی پیاده‌كردنی یاسا
به‌شی یه‌كه‌م
پێناسه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ له‌م ده‌سته‌واژه‌و زاراوانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ هه‌رێم.
سێیه‌م: ته‌ندروستیی ده‌روونی: مه‌به‌ستی سه‌قامگیریی ده‌روونی و هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی دروست و توانای مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ فشارو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌وا ژیان ده‌یانهێنێته‌ كایه‌وه‌و وه‌به‌رهێنانی توانا ژیرییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی سوود به‌ تاك كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌ینێت.
چواره‌م: نه‌خۆشی ده‌روونی: ئه‌و نه‌خۆشه‌یه‌ كه‌ تووشی یه‌كێك یان زیاتر له‌ شله‌ژانه‌كانی بیریی یان ده‌ماریی یان شله‌ژانه‌كانی تر بووه‌ كه‌ پزیشكی پسپۆڕ ده‌سنیشانیان ده‌كات.
1- شله‌ژانی بیریی: شله‌ژانه‌ له‌ هێزی ژیریی بنه‌ڕه‌تی كه‌ له‌ ئه‌نجامی تێكچوونێكی سه‌ختی سه‌رچاوه‌ی ئه‌ندامیی یان ئه‌ركییه‌وه‌ ده‌بێت، كار له‌ ویست و به‌رچاوڕۆنی و پێزانین و بیركردنه‌وه‌و ڕه‌فتارو هه‌ست و توانای نه‌خۆش ده‌كات له‌ خۆگونجاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌گوێره‌ی سه‌ختیی و قۆناغی شله‌ژانه‌كه‌.
2- شله‌ژانی ده‌ماریی یان شله‌ژانه‌كانی دڵه‌ڕاوكێ: مه‌به‌ستی حاڵه‌تێكه‌ له‌ خه‌مناكیی كه‌سێتیی و دڵه‌ڕاوكێی ده‌روونی و هه‌ڵسوكه‌وتێكه‌ خۆگونجاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و لاوازی توانا له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فشاره‌كانی پێویسته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كار بكاته‌ سه‌ر توانا ژیرییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان.

پێنجه‌م: پزیشكی ده‌روونی: ئه‌و پزیشكه‌یه‌ كه‌ پله‌یه‌كی پسپۆڕی له‌ پزیشكی ده‌روونی به‌ده‌ستهێناوه‌و له‌ سه‌ندیكای پزیشكان له‌ خشته‌ی پسپۆڕ یان راوێژكار یان پزیشكی شاره‌زا له‌ ته‌ندروستیی ده‌روونی تۆماركراوه‌. 

به‌شی دووه‌م
چوارچێوه‌ی پیاده‌كردنی یاسا 
مادده‌ی دووه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ ده‌كرێت به‌سه‌ر:
یه‌كه‌م: نه‌خۆشی ده‌روونی پێناسه‌كراو به‌پێی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: نه‌خۆشخانه‌و دامه‌زراوی پسپۆڕ له‌ پزیشكی ده‌روونی چ گشتی بێت یان تایبه‌ت.
سێیه‌م: به‌شه‌كانی پزیشكی ده‌روونی له‌ دامه‌زراوه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كاندا.
چواره‌م: ئه‌و بنكه‌ ته‌ندروستیه‌ خۆماڵی و بیانیانه‌ی كه‌وا مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ له‌ بواری ته‌ندروستیی ده‌روونی كاربكه‌ن.
پێنجه‌م: نورینگه‌ی تایبه‌ت یان ده‌ره‌كی نه‌لكاو به‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیانه‌ی ئاماژه‌یان بۆكراوه‌، وه‌ ته‌رخان نه‌كراوه‌ بۆ ده‌سبه‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی ده‌روونی.

مادده‌ی سێیه‌م: 
یه‌كه‌م: به‌رێوه‌بردنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ به‌سه‌ریان پیاده‌ ده‌كرێت به‌پێی مۆڵه‌تێك ده‌بێت كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت به‌ مه‌رجێك له‌ تۆماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ته‌ندروستیی ده‌روونی تۆمار بكرێت به‌پێی ئه‌و مه‌رج و رێكارانه‌ی ئه‌نجومه‌ن دیاریان ده‌كات.
دووه‌م: مه‌رج و رێكاره‌كانی به‌خشین و نوێكردنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت به‌ رێنماریی دیاری ده‌كرێن كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌ری ده‌كات.

ده‌روازه‌ی دووه‌م
ئه‌نجومه‌نی ته‌ندروستیی ده‌روونی
به‌شی یه‌كه‌م
دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ته‌ندروستیی ده‌روونی
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نێك به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی ته‌ندروستیی ده‌روونی) به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرو ئه‌ندامێتی ئه‌وانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ باسكراون پێكده‌هێنرێت، به‌ مه‌رجێك پله‌ی نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێت:
1- وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ.
2- وه‌زاره‌تی داد.
3- وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
4- وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی.
5- وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.
6- وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.
7- نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان.
8- سه‌رۆكی لێژنه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكاندا.
دووه‌م: كاری ئه‌نجومه‌ن و كۆبوونه‌وه‌كان و چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی بڕیاره‌كان به‌ پێڕه‌وێك رێكده‌خرێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ری ده‌كات.

به‌شی دووه‌م
ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجومه‌ن
مادده‌ی پێنجه‌م: 
یه‌كه‌م: دانانی سیاسه‌تی گشتیی ته‌ندروستیی ده‌روونی.
دووه‌م: ئاماده‌كردنی پلان بۆ مسۆگه‌ركردنی ماف و سه‌لامه‌تی نه‌خۆشه‌ ده‌روونیه‌كان.
سێیه‌م: هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌ مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی چاودێریكردنی نه‌خۆش و خانه‌كانی حه‌واندنه‌وه‌.
چواره‌م: ده‌ركردنی رێنمایی بۆ نه‌خۆشخانه‌و دامه‌زراو نۆرینگه‌كانی پسپۆڕ له‌ پزیشكی ده‌روونی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ چاودێریكردنی نه‌خۆش.
پێنجه‌م: هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ دابینكردن و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌ی رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حه‌وانه‌وه‌.
شه‌شه‌م: دانانی ستانده‌ر بۆ به‌خشینی مۆڵه‌تی ده‌ركراو له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تایبه‌ت به‌ به‌رێوه‌به‌ردنی دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌یان به‌سه‌ردا پیاده‌ ده‌كرێت.
حه‌وته‌م: هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ زانستیه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ له‌ بواری ته‌ندروستیی ده‌روونی.

ده‌روازه‌ی سێیه‌م
چوونه‌ژووره‌وه‌ی نه‌خۆشی ده‌روونی بۆ نێو دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی

به‌شی یه‌كه‌م
چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌
مادده‌ی شه‌شه‌م:
مافی هه‌موو نه‌خۆشێكی ده‌روونیه‌ كه‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی ته‌واوكردبێت به‌ ویستی خۆی داوای چوونه‌ژووره‌وه‌ی یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی بكات، هه‌روه‌ها مافی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر كاتێك بێت داوای لێ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی بكات، وه‌ پزیشكی به‌رپرس بۆی هه‌یه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات، ته‌نها ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كی به‌سه‌ردا بسه‌پێت ئه‌وا ئه‌و رێكارانه‌ی له‌م بواره‌دا بڕیاردراوه‌ ده‌گرترێنه‌به‌ر، وه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا كه‌سوكاری نه‌خۆش ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ردا ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
پزیشكی ده‌روونی به‌رپرس بۆی هه‌یه‌ پاڵپشت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ده‌روونی هۆدار رێگه‌ له‌ نه‌خۆشی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ بگرێت له‌ به‌جێهێشتنی دامه‌زراوه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (72) كاتژمێر تێپه‌ڕ نه‌كات له‌ یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر بینی كه‌وا چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌گه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ ڕوودانی ئازارێكی كتوپڕ یان نزیك له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی یان ته‌ندروستی یان ژیانی نه‌خۆش یان سه‌لامه‌تی یان ته‌ندروستی یان ژیانی كه‌سانی تر، دێنێته‌ ئاراوه‌.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر بینی توانای چاودێریكردنی خۆی نیه‌ به‌ هۆی جۆر یان سه‌ختی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیه‌كه‌یه‌وه‌.
وه‌ له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی باسكراودا پزیشك بۆی نییه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی له‌م ماوه‌یه‌دا هیچ چاره‌سه‌ریێك بداته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ جگه‌ له‌ چاره‌سه‌ریی فریاكه‌وتن نه‌بێت.
وه‌ پێویسته‌ بۆ ملكه‌چكردنی بۆ سیسته‌می چوونه‌ژووره‌وه‌ی نائاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی مادده‌ (14)ی ئه‌م یاسایه‌، لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌دا ئاگادار بكرێته‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پزیشكی سه‌ربه‌خۆی بۆ ئه‌نجام بدرێت و ده‌كرێت ماوه‌ی ئاماژه‌ پێكراو درێژبكرێته‌وه‌ به‌ مه‌رجێك له‌ (7) رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و پاساوانه‌ی له‌م مادده‌یه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ به‌رده‌وام بن و له‌ توانادا نه‌بێت له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی یه‌كه‌می رێگه‌گرتن له‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پزیشكی سه‌ربه‌خۆی بۆ ئه‌نجام بدرێت، به‌ مه‌رجێك لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌ ئاگادار بكرێته‌وه‌ له‌و هۆیانه‌ی كه‌وا بوونه‌ته‌ هۆی درێژكردنه‌وه‌ی ده‌سبه‌سه‌رداگرتنه‌كه‌.

مادده‌ی هه‌شته‌م:
هه‌ر یه‌ك له‌ دایك و باوك یان پێسپێردراو یان ڕاستكار بۆیان هه‌یه‌ داواكاری پشكنینی نه‌خۆشی ده‌روونی كه‌ملێهاته‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، به‌ مه‌رجێك راوێژ بكرێت به‌ پسپۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات له‌م دامه‌زراوه‌ له‌باره‌ی ئه‌م داواكارییه‌و له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی كاركردن له‌ رێكه‌وتی چوونه‌ژووره‌وه‌ لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌ ئاگادار بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌ك له‌ دایك و باوك یان پێسپێردراو یان ڕاستكار بۆیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا داواكاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن ته‌نها ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانی ده‌سبه‌سه‌ری زۆره‌كی به‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌دا بسه‌پێت ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و رێكارانه‌ی له‌م بواره‌دا بڕیاردراون ده‌گرترێنه‌به‌ر.





به‌شی دووه‌م
چوونه‌ژووره‌وه‌ی نائاره‌زوومه‌ندانه‌
مادده‌ی نۆیه‌م: 
یه‌كه‌م: نابێت هیچ كه‌سێك به‌ زۆره‌كی بۆ چاره‌سه‌ری بخرێته‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی ته‌نها به‌ ڕه‌زامه‌ندی پزیشكی پسپۆڕ له‌ پزیشكی ده‌روونییه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتی بوونی نیشانه‌ی ڕوون كه‌ به‌ڵگه‌ بدات له‌سه‌ر بوونی نه‌خۆشیێكی ده‌روونی سه‌خت كه‌وا چاره‌سه‌ركردنی پێویست به‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی ده‌كات ئه‌ویش له‌م دوو حاڵه‌ته‌ی خواره‌وه‌:
1- ئه‌گه‌ری تێكچوونێكی سه‌خت و نزیك بۆ حاڵه‌تی ده‌روونیی.
2- ئه‌گه‌ر ئاكاره‌كانی نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كه‌ ببنه‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌و نزیك بۆ سه‌لامه‌تی یان ته‌ندروستی یان ژیانی نه‌خۆش یان سه‌لامه‌تی یان ته‌ندروستی یان ژیانی كه‌سانی تر.
له‌م دوو حاڵه‌ته‌شدا پێویسته‌ نه‌خۆش چوونه‌ژووره‌وه‌ی دامه‌زراو بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریی پێویست ڕه‌تبكاته‌وه‌ به‌مه‌رجێك كه‌سوكارو به‌رێوه‌به‌ری دامه‌زراوو لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگا له‌ بڕیاری چوونه‌ژووره‌وه‌ی به‌زۆره‌كی نه‌خۆش له‌ ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر له‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئاگادار بكرێنه‌وه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵ راپۆڕتێك كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی باره‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ی له‌خۆ بگرێت.
دووه‌م: پزیشكی پسپۆڕ له‌ پزیشكی ده‌روونی له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان، بۆی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بینی حاڵه‌تی نه‌خۆشه‌ ده‌روونیه‌كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی یان كه‌سانی تر، بڕیار بدات له‌ یه‌كه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری داخراودا دابنرێت بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (7) رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات به‌ مه‌رجێك له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌خۆشه‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م لێژنه‌یه‌كی پزیشكی پسپۆڕ بۆ مه‌زه‌نده‌كردنی باری نه‌خۆشییه‌كه‌ی.
سێیه‌م: ئه‌و یه‌كه‌ چاره‌سه‌رییه‌ داخراوه‌ی ئامرازه‌كانی چاره‌سه‌ری خۆپارێزی و سڵه‌مێنه‌وه‌ی تێدایه‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ی له‌ به‌ندی (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و بۆی هه‌یه‌ پشت به‌ پۆلیس ببه‌ستێت ئه‌وانیش له‌سه‌ریانه‌ رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر.

مادده‌ی ده‌یه‌م: 
ئه‌گه‌ر لێژنه‌ی پزیشكی پسپۆڕ بینی كه‌وا نه‌خۆش مایه‌ی مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر خۆی یان كه‌سانی تر ئه‌وا بۆی هه‌یه‌ راسپارده‌ بكات به‌وه‌ی بخرێته‌ یه‌كه‌یه‌كی پزیشكی چاره‌سه‌ركاریی داخراو بۆ ماوه‌یه‌ك زۆره‌كه‌ی (30) سی رۆژ ده‌بێت به‌ مه‌رجێك راسپارده‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌ ماوه‌ی (72) حه‌فتاو دوو كاتژمێر له‌ ده‌ركردنی بڕیاری ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دانانی بۆ چاره‌سه‌ركردن.
مادده‌ی یازده‌م: 
پزیشكی ناپسپۆڕ له‌ پزیشكیی ده‌روونی بۆی هه‌یه‌ نه‌خۆشی ده‌روونی به‌بێ ویستی خۆی ڕه‌وانه‌ی یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی بكات له‌ كاتی بوونی نیشانه‌ی ڕوون كه‌وا به‌ڵگه‌ بدات له‌سه‌ر بوونی شله‌ژانێكی ده‌روونیی سه‌خت، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (48) كاتژمێر تێپه‌ڕ نه‌كات تاوه‌كو هه‌ڵسه‌نگاندنی باره‌كه‌ی بۆ بكرێت و ئه‌ویش له‌سه‌ر داواكاریێكی نووسراو ده‌بێت كه‌ پێشكه‌شی لایه‌نه‌ی چاره‌سه‌ركار ده‌كرێت و له‌م میانه‌دا ده‌خرێته‌ به‌رده‌م پزیشكی پسپۆڕ.
مادده‌ی دوازده‌م: 
پزیشكی ده‌روونیی به‌رپرس بۆی هه‌یه‌ ماوه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كیی ده‌قكراو له‌ هه‌ردوو مادده‌ی (نۆیه‌م، و ده‌یه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا، درێژبكاته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك زۆره‌كه‌ی حه‌وت رۆژه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ئه‌و پاساوانه‌ی له‌ مادده‌ی (نۆیه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ به‌رده‌وامبوون و له‌ تواناشدا نه‌بوو هه‌ڵسه‌نگاندنی پزیشكی له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی یه‌كه‌می چوونه‌ژووره‌وه‌ زۆره‌كیه‌كه‌ ده‌سبكه‌وێت له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ مادده‌ی (نۆیه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا ئاماژه‌یان بۆ كراوه‌.
مادده‌ی سێزده‌م: 
نابێت نه‌خۆشی ده‌روونی به‌ شێوه‌یه‌كی زۆره‌كیانه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌ بهێڵدرێته‌وه‌ ته‌نها پاش ئه‌نجامدانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌روونی نه‌خۆشه‌كه‌ نه‌بێت له‌ رێگه‌ی لێژنه‌ی پزیشكی پسپۆڕ، به‌ مه‌رجێك هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت رۆژ له‌ هێشتنه‌وه‌ی به‌زۆره‌كی نه‌خۆشه‌كه‌ بۆ لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌دا بنێردرێت، وه‌ له‌گه‌ڵیانیشدا نموونه‌ی به‌كارهێنراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هاوپێچ بكرێت. وه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا حاڵه‌تی چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كی نه‌خۆش كۆتایی پێدێت ئه‌گه‌ر لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌دا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ده‌روونیه‌كه‌ی پێشكه‌شیان كراوه‌ په‌سه‌ند نه‌كات.
مادده‌ی چوارده‌م: 
له‌و حاڵه‌تانه‌ی ناتوانرێت تیایدا نه‌خۆشه‌كه‌ بهێنرێت له‌به‌ر خۆگرتنی، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ خزمه‌ پله‌ یه‌ك یان دوو یان هه‌ر لایه‌نێكی فه‌رمی تایبه‌تمه‌ند بابه‌ته‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی بڕیار بۆ ئینتیداب كردنی یه‌كێك له‌ پزیشكه‌ ده‌روونیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پشكنینی باری نه‌خۆشه‌كه‌و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ باره‌كه‌ی پێویستی به‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كی بۆ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی هه‌یه‌ یان نا و دادوه‌ری ناوبراو بۆی هه‌یه‌ فه‌رمان بدات به‌ گواستنه‌وه‌ی بۆ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی گشتی بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌گه‌ر پزیشكه‌ ده‌روونیه‌كه‌ بڕیاری دا كه‌وا نه‌خۆشه‌كه‌ پێویستی بۆ هه‌یه‌.
مادده‌ی پازده‌م: 
ئه‌گه‌ر باری نه‌خۆشه‌ ده‌روونیه‌كه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری هه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (30) سی رۆژ زیاتر بێت له‌ ماوه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی نائاره‌زوومه‌ندانه‌ ئه‌وا لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگا بۆی هه‌یه‌ پاڵپشت به‌ راپۆڕتی پزیشكی ده‌روونی به‌رپرس راسپارده‌ بكات به‌ چاره‌سه‌ركردنی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراوو راسپارده‌ی لێژنه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌ ده‌ركردنی بڕیاری ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دانانی نه‌خۆش بۆ چاره‌سه‌ركردن ده‌خرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌وه‌.
مادده‌ی شازده‌م: 
هه‌ر كه‌سێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی دانانه‌كه‌ تانه‌ بدات له‌ بڕیاری چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كه‌ی یان به‌رده‌وامبوونی یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م: 
یه‌كه‌م: ده‌كرێت نه‌خۆشی ده‌روونی ملكه‌چكراو بۆ چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی له‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌ ده‌روونییه‌ی لێیه‌تی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گشتی بگوازرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر تووشی نه‌خۆشیێكی جه‌سته‌یی هات و له‌و دامه‌زراوه‌ی كه‌ تیایدایه‌ چاره‌سه‌ری پێویست نه‌بوو.
دووه‌م: به‌رێوه‌به‌ری دامه‌زراوی ته‌ندروستیی ده‌روونی بۆی هه‌یه‌ باری چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی كۆتایی پێبهێنێت له‌سه‌ر داواكاری یه‌كێك له‌ خزمه‌ پله‌ یه‌ك یان دووه‌كانی نه‌خۆش یان ئه‌وه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ تووشی نه‌خۆشیێكی جه‌سته‌یی هات ئه‌گه‌ری مردنی هه‌بێت پاش ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی پزیشكی پسپۆڕه‌وه‌و پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند، به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باری چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كیه‌، ئاگاداری لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌ بكاته‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌ك له‌ سێ رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات.

مادده‌ی هه‌ژده‌م: 
ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشه‌ی حوكمه‌كانی هه‌ردوو بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) و(دووه‌م)ی مادده‌ی نۆیه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ڕابكات ئه‌وا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی بۆیان هه‌یه‌ پشت به‌ پۆلیس ببه‌ستن بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی.
مادده‌ی نۆزده‌م: 
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ بۆی هه‌یه‌ ناوه‌ به‌ ناوه‌ مۆڵه‌ت بدات به‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و نه‌خۆشانه‌ی له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ سه‌قامگیرن بۆ به‌سه‌ربردنی ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ له‌ (48) چل و هه‌شت كاتژمێر تێپه‌ڕنه‌كات له‌ ژێر چاودێریێكی ته‌واوو به‌ به‌ڵێننامه‌ی كه‌سوكاری كه‌وا ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكاره‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ركردنی پاڵپشت به‌ راسپارده‌ی پزیشكی پسپۆڕی چاره‌سه‌ركار.

ده‌روازه‌ی چواره‌م
چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشی ده‌روونی
مادده‌ی بیسته‌م: 
له‌ حاڵه‌تی بوونی توانای ژیریی نه‌خۆش بۆ تێگه‌یشتن و پێزانینی ئه‌و رێكارو زانیاریانه‌ی پێشكه‌شی كراون و گرتنه‌به‌ری بڕیارێكی پشتبه‌ستراو به‌م پێزانین و گوزارشت لێكردنی به‌ گوزارشتێكی دروست ئه‌وا پزیشكی ده‌روونی به‌رپرس پابه‌ند ده‌بێت به‌ پێنه‌دانی هیچ چاره‌سه‌ریێك بۆ نه‌خۆشی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی پێشوه‌خته‌ی بیناكراو له‌سه‌ر ویستێكی ئازاد، هه‌روه‌ها پابه‌ند ده‌بێت به‌ تۆماركردنی پلانی چاره‌سه‌ریی پێشنیاركراو، و جێگیركردنی ڕه‌زامه‌ندی یان ناڕه‌زامه‌ندی نه‌خۆش له‌ دۆسیه‌ی پزیشكی تایبه‌ت به‌خۆی. وه‌ به‌رپرسیارێتی بڕیاردانی توانای ژیریی نه‌خۆش له‌سه‌ر پێدانی یان پێنه‌دانی ڕه‌زامه‌ندی راشكاوانه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پزیشكی ده‌روونی به‌رپرس. وه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ئه‌ندامانی تیمی چاره‌سه‌ریی پابه‌ند ده‌بن به‌ تۆماركردنی هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی چاره‌سه‌ریی كه‌وا هه‌ر كامیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ دۆسیه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌.
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م: 
نابێت هیچ چاره‌سه‌ریێكی باری نه‌خۆشییه‌كه‌ بدرێته‌ نه‌خۆشی ده‌روونی، ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ چ ده‌رمانیی بێت یان ده‌روونی یان ڕه‌فتاریی یان كاره‌بایی یان هه‌ر چاره‌سه‌ریێكی تر كه‌ له‌ پزیشكی ده‌روونیدا به‌كار دێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ به‌تێروته‌سه‌ل لێی ئاگادار بكرێته‌وه‌، وه‌ لێ ئاگاداربوونی به‌تێروته‌سه‌ل پێویست ده‌كات نه‌خۆش سروشتی ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌و مه‌به‌ستی و ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی له‌وانه‌یه‌ لێی بكه‌ونه‌وه‌و چاره‌سه‌رییه‌كانی جێگره‌وه‌ی تر بۆی بزانێت، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كی خۆی گرت له‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریی بڕیارداو بۆی ئه‌وا پزیشكی ده‌روونی به‌رپرس مافی هه‌یه‌ پابه‌ندی بكات به‌ چاره‌سه‌رییه‌كه‌ به‌مه‌رجێك پزیشكه‌كه‌ رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی بگرێته‌به‌ر پێش ده‌ستكردن به‌م كاره‌، وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری به‌لای كه‌م دوو هه‌فته‌ جارێك به‌دواداچوون بكات بۆ رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی، هه‌روه‌ها پێویسته‌ دووباره‌ چاو به‌م رێكارانه‌ی بخشێندرێنه‌وه‌ له‌ كاتی هه‌ڵسانی پزیشكی چاره‌سه‌ركار به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر گۆڕانكاریێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ پلانی چاره‌سه‌ریی مۆڵه‌تدراو، وه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ مانگ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پزیشكی تر ئه‌نجام بدرێت.
مادده‌ی بیست و دووه‌م: 
ده‌كرێت له‌ حاڵه‌تی زه‌ڕوڕه‌تدا چاره‌سه‌ری بدرێته‌ نه‌خۆشی ده‌روونی به‌بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ پێویست بێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ ڕوودانی تێكچوونێكی نزیك بۆ باری ده‌روونی یان جه‌سته‌یی نه‌خۆش كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی تووشبوونی ژیانی یان ته‌ندروستی نه‌خۆش یان ژیان یان ته‌ندروستی كه‌سانی تر بۆ مه‌ترسیێكی زلی نزیك به‌مه‌رجێك ماوه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كه‌ له‌ (72) حه‌فتاو دوو كاتژمێر تێپه‌ڕ نه‌كات.
مادده‌ی بیست و سێیه‌م: 
نابێت چاره‌سه‌ریی كاره‌بایی پێویست بۆ باری نه‌خۆشی ده‌روونی ئه‌نجام بدرێت ته‌نها له‌ ژێر كاریگه‌ری سڕكارێكی گشتی و خاوكه‌ره‌وه‌ی ماسولكه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر باری ته‌ندروستی نه‌خۆش رێگه‌ به‌مه‌ بدات و پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ندی نووسراو له‌سه‌ر ئه‌مه‌ وه‌ربگیرێت پاڵپشت به‌ ویستێكی ئازاد و پاش ئاگاداركردنه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل له‌ سه‌ر سروشتی ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌و مه‌به‌سته‌كه‌ی، و ئه‌و ئاسه‌واره‌ لاوه‌كیانه‌ی له‌وانه‌یه‌ لێی بكه‌ونه‌وه‌، و چاره‌سه‌رییه‌ جێگره‌وه‌كانی، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی ملكه‌چ بۆ رێكاره‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی ئه‌م جۆره‌ چاره‌سه‌رییه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌و پێویستیش بوو بۆ باره‌كه‌ی ئه‌وا پاش ئه‌نجامدانی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پزیشكی له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی پزیشكی پسپۆڕه‌وه‌، به‌سه‌ری ده‌سه‌پێنرێت.
مادده‌ی بیست و چواره‌م: 
یه‌كه‌م: ده‌كرێت چاره‌سه‌ریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی به‌سه‌ر نه‌خۆشی ده‌روونیی ملكه‌چ بۆ چوونه‌ژووره‌وه‌و چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی بسه‌پێنرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ هاتنه‌كایه‌وه‌:
1- باری نه‌خۆشی ده‌روونی رێگه‌ بدات به‌ به‌رده‌وامبوونی چاره‌سه‌ریی به‌بێ پێویستی مانه‌وه‌ له‌ دامه‌زراودا.
2- ئه‌گه‌ر ڕاگرتنی چاره‌سه‌ری ببێته‌ مایه‌ی تێكچوونی باری نه‌خۆشی ده‌روونی.
3- باری نه‌خۆشه‌كه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی مه‌ترسیێكی زل له‌سه‌ر ژیانی نه‌خۆش یان سه‌لامه‌تی یان ژیانی كه‌سانی تر.
4- ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ مێژووێكی ناسراوی هه‌بوو له‌ ناڕێكی له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و ده‌رمانه‌ ده‌روونییانه‌ی بۆی نووسراون به‌جۆرێك ببێته‌ هۆی تێكچوونی باره‌كه‌ی و چوونه‌ژووره‌وه‌و چاره‌سه‌ریی زۆره‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی.
5- هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پزیشكی به‌مه‌ راسپارده‌ بكات.
6- ئاگاداركردنه‌وه‌ی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌دا.

دووه‌م: پێویسته‌ ماوه‌ی چاره‌سه‌ریی ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت و ده‌كرێت پاش ڕه‌زامه‌ندی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونیی پارێزگا درێژبكرێته‌وه‌.



مادده‌ی بیست و پێنجه‌م: 
له‌ حاڵه‌تی مردنی ئه‌و نه‌خۆشه‌ی ملكه‌چی رێكاره‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كییه‌ ئه‌وا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دامه‌زراو پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ندو كه‌سوكاری نه‌خۆش و لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگا له‌ ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر له‌ رێكه‌وتی مردنه‌كه‌، و ناردنی ڕاپۆڕتێكی تێروته‌سه‌ل بۆ لێژنه‌ی ناوبراو له‌سه‌ره‌وه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌خۆشه‌ مردووه‌كه‌و گشت ئه‌و پشكنین و توێژینه‌وه‌و رێگه‌كانی چاره‌سه‌ركردنانه‌ی به‌كارهاتوون له‌خۆ بگرێت.
ده‌روازه‌ی پێنجه‌م
چاودێریی نه‌خۆشه‌ تۆمه‌تباره‌كان
مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م: 
یه‌كه‌م: لێژنه‌یه‌كی پزیشكی ده‌روونی له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ سێ پزیشكی پسپۆڕ له‌ پزیشكی ده‌روونی گشتی پێكده‌هێنرێت كه‌ وه‌زیری ته‌ندروستی یان ئه‌وه‌ی ڕایده‌سپێرێت ده‌سنیشانیان ده‌كات و كاری هه‌ر یه‌كێكیان له‌م بواره‌دا له‌ سێ ساڵ كه‌متر نه‌بێت پشكنینی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی بۆیان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێن به‌مه‌به‌ستی مه‌زه‌نده‌كردنی باری ده‌روونی و ئاستی مه‌ترسییان له‌ سه‌ر خۆیان و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ یان دادگاییكردن له‌ دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارێك له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌وا پێویسته‌ باری ده‌روونی پشكنینی بۆ بكرێت له‌ ڕوانگه‌ی گومانكردن له‌ تووشبوونی به‌ شله‌ژانێكی ده‌روونی یان له‌سه‌ر داواكاری تۆمه‌تبار یان كه‌سوكاری یان پارێزه‌ری به‌رگری یان داواكاری گشتی ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی ده‌كرێت بۆ پشكنین و دانانی له‌ ژێر تێروانین و چاودێری وورد و پێشكه‌شكردنی راپۆڕتی پزیشكی ده‌رهه‌قییه‌وه‌.
سێیه‌م: ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی له‌ بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا باسكراوه‌ له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ زۆره‌كه‌ی (7) حه‌وت رۆژه‌ له‌ رێكه‌وتی ڕه‌وانه‌كردن له‌ دادگای تایبه‌مه‌نده‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی لێژنه‌ی پزیشكیی ده‌روونی ده‌كرێت به‌پێی نموونه‌یه‌كی تایبه‌تی هاوپێچكراو له‌گه‌ڵ كورته‌یه‌كی ئه‌و كێسه‌ی له‌سه‌ری تۆمه‌تباركراوه‌و باره‌ هاوه‌ڵبووه‌كانی و هه‌ر زانیاری یان راپۆڕتێكی پزیشكی یان كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رباره‌ی باره‌كه‌ی و كۆپیه‌ك له‌ نموونه‌ی ڕه‌وانه‌كردنه‌كه‌ ده‌درێته‌ لێژنه‌ی ته‌ندروستی ده‌روونی له‌ پارێزگاكه‌دا.
چواره‌م: ئه‌و نه‌خۆشه‌ تۆمه‌تباره‌ ڕه‌وانه‌كراوه‌ی به‌پێی هه‌ردوو بڕگه‌ی (دووم) و (سێیه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ له‌ یه‌كه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی داخراودا له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیكردنی پزیشكیی ده‌روونی داده‌نرێت و ده‌خرێته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی به‌ شێویه‌كی خولیی بۆ دانانی راپۆرتێك ده‌رباره‌ی باری ده‌روونی و ئاستی پێزانینی بۆ ڕه‌فتارو به‌رپرسیاره‌تیه‌كانی له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژی شیاو بۆ درێژكردنه‌وه‌.

مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م: 
لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی له‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌و نه‌خۆشه‌ی بۆی ڕه‌وانه‌كراوه‌ به‌پێی مادده‌ی (26)ی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌م رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر:
یه‌كه‌م: مه‌زه‌نده‌كردنی باری ده‌روونی و ئاستی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێزانین و ویستی له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌.
دووه‌م: توانای ئاماده‌بوونی له‌به‌رده‌م دادگاو به‌رگری كردن له‌ خۆی.
سێیه‌م: ئاستی مه‌ترسیداربوونی له‌سه‌ر خۆی و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.
چواره‌م: راسپاردن به‌ چاره‌سه‌ركردنی له‌ یه‌كه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی داخراو تاوه‌كو لاچوونی مه‌ترسیه‌كانی.

مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م: 
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر دادگا بڕیاریدا پاڵپشت به‌ راپۆڕتی لێژنه‌ی پزیشكی ده‌قكراو له‌ مادده‌ی (27)ی ئه‌م یاسایه‌دا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبار له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ی به‌رپرسیارێتی تاوانكاریی نییه‌ ئه‌وا دادگا بڕیار ده‌دات به‌ ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی له‌ یه‌كه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی داخراودا تاوه‌كو لاچوونی مه‌ترسییه‌كه‌ی.
دووه‌م: ئه‌و نه‌خۆشه‌ی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ ملكه‌چ ده‌بێت بۆ به‌رنامه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی و ئاماده‌سازیی تاوه‌كو لاچوونی مه‌ترسیه‌كه‌ی و پزیشكی پسپۆڕ ڕاپۆڕتێكی خولیی ده‌رباره‌ی باره‌كه‌ی پێشكه‌شی لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی دادوه‌ریی ده‌كات.
سێیه‌م: دادگای تایبه‌تمه‌ند بۆی نیه‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌ی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ له‌ دامه‌زراو بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نها پاڵپشت به‌ راپۆڕتێكی پزیشكیی لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونیه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ لایه‌نگیریی لاچوونی مه‌ترسییه‌كانی بكات.
چواره‌م: داواكاری گشتی و كه‌سوكاری تۆمه‌تبار بۆیان هه‌یه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بكه‌ن بۆ بڕیاری لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی له‌ لای لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یی له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژ له‌ رێكه‌وتی پێڕاگه‌یاندن به‌ بڕیاره‌كه‌.
پێنجه‌م: ناكرێت دانانه‌كه‌ كۆتایی پێ بهێنرێت ته‌نها پاش گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بێت بۆ لایه‌نی دادگه‌ریی فه‌رمانكار به‌ دانان و پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیاره‌كانی دانان هه‌ر (30) رۆژ جارێك پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت.

مادده‌ی بیست و نۆیه‌م: 
نه‌خۆشی تۆمه‌تبار پاش لاچوونی مه‌ترسیه‌كه‌ی ملكه‌چی به‌رنامه‌ی ئاماده‌سازیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت به‌ مه‌رجێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ریی داخراودا بێت.
مادده‌ی سییه‌م: 
ئه‌گه‌ر بۆ دادگا ده‌ركه‌وت پاڵپشت به‌ راپۆڕتی پزیشكی ده‌روونی كه‌وا نه‌خۆش به‌شێوه‌یه‌كی به‌شه‌كه‌یی (نیمچه‌یی) به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانی مه‌زه‌نده‌ ده‌كات ئه‌وا بۆی هه‌یه‌ بڕیار بدات به‌ مانه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ریی داخراودا تاوه‌كو چاكده‌بێته‌وه‌.
مادده‌ی سی و یه‌كه‌م: 
كه‌سوكاری ئه‌و نه‌خۆشه‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی (28)ی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی بیخه‌نه‌ به‌رده‌م یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ریی پسپۆڕ بۆ پشكنینی به‌ شێوه‌یه‌كی خولیی كه‌وا پزیشكی چاره‌سه‌ركار بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
مادده‌ی سی و دووه‌م: 
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر گومان كرا له‌ تووشبوونی نیشته‌جێكراوێك یان سپێردراوێك له‌ كاتی به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی سزای ئازادیستێن به‌ شله‌ژانێكی ده‌روونی ئه‌وا بۆ نزیكترین یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ریی داخراو ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی و ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت بڕیاری له‌سه‌ر بدات.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر لێژنه‌ بینی كه‌وا باری نه‌خۆشی نیشته‌جێكراو یان سپێردراو پێویستی به‌ چاره‌سه‌ریی هه‌یه‌ ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ری ماوه‌كه‌ی له‌ راپۆڕته‌كه‌دا دیاری بكات و ئاگاداری فه‌رمانگه‌ی چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت. 
سێیه‌م: نیشته‌جێكراو یان سپێردراو ڕاسته‌وخۆ له‌ دوای چاكبوونه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی چاكسازیی.

مادده‌ی سی و سێیه‌م: 
به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراو له‌ حاڵه‌تی تووشبوونی سپێردراوێك به‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشیه‌ ئه‌ندامییه‌كان بۆی هه‌یه‌ رێگه‌ به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بدات له‌ ژێر پاسه‌وانیی پۆلیس به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ پسپۆڕه‌كان، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پۆلیس پابه‌ند ده‌بێت به‌ پاسه‌وانیی كردنی به‌درێژایی ماوه‌ی چاره‌سه‌ریكردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ جێگه‌ی دانان. 

ده‌روازه‌ی شه‌شه‌م
مافه‌كانی نه‌خۆش
مادده‌ی سی و چواره‌م: 
ئه‌و نه‌خۆشه‌ ده‌روونییه‌ی له‌ یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی له‌ مادده‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌م مافانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌بێت:
یه‌كه‌م: وه‌رگرتنی چاودێریی پێویست له‌ ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستدا.
دووه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی كۆتكردنی ئازادی به‌پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
سێیه‌م: پێزانینی ناوو پیشه‌ی گشت ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و تیمه‌ چاره‌سه‌ركارییه‌ی كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كه‌ چاودێری ده‌كات.
چواره‌م: وه‌رگرتنی زانیاری ته‌واو ده‌رباره‌ی ده‌سنیشانكردنی باره‌كه‌ی و پلانی چاره‌سه‌ریی پێشنیاركراوو ئه‌گه‌ری پێشهاته‌كانی باره‌كه‌ی.
پێنجه‌م: ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی پێشكه‌شی ده‌كرێت به‌پێی ستانده‌ره‌ پزیشكیه‌ ڕه‌چاوكراوو دانپێنراوه‌كانی لایه‌نه‌ زانستیه‌كانه‌وه‌ بێت.
شه‌شه‌م: پێویستی وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی لێژنه‌ی ڕه‌وشته‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی پێش ئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رده‌م هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی نۆشده‌ریی چاودێرییه‌كیی.
حه‌وته‌م: له‌ حاڵه‌تی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ملكه‌چبوون بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسكردنێكی ته‌واوی ئامانجی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی بۆ بكرێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ به‌ر بڕیاره‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌و چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی قه‌ده‌غه‌ بكرێت.
هه‌شته‌م: پاراستنی نهێنی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ خۆی و به‌ دۆسیه‌ پزیشكیه‌كه‌ی و ئاشكرانه‌كردنی ئه‌م زانیاریانه‌ بۆ مه‌به‌سته‌ نا چاره‌سه‌رییه‌كان ته‌نها له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ نه‌بێت:
1- داواكردنی زانیارییه‌كان له‌ لایه‌ن لایه‌نێكی دادگه‌رییه‌وه‌.
2- بوونی ئه‌گه‌ری ڕوودانی زیانێكی مه‌ترسیدار یان پێكانێكی خراپ بۆ نه‌خۆش یان بۆ كه‌سانی تر.
3- حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر منداڵ یان گومان كردن له‌ بوونی ده‌ستدرێژی.
4- لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگا مافی هه‌یه‌ بڕوانێته‌ تۆماری نه‌خۆشه‌كان.
نۆیه‌م: پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی و په‌یوه‌سته‌ كه‌سایه‌تی و شوێنی دانیشتنی له‌ دامه‌زراوه‌كاندا.
ده‌یه‌م: ده‌سكه‌وتنی راپۆڕتێكی پزیشكی ته‌واو ده‌رباره‌ی باری ده‌روونی و ده‌رباره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و پشكنین و رێكاره‌ چاره‌سه‌رییانه‌ی له‌ كاتی چاره‌سه‌ركردنیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆی ئه‌نجام دراون، وه‌ له‌ حاڵه‌تی خواستی له‌سه‌ر ده‌سكه‌وتنی كۆپیه‌كی ته‌واو له‌ دۆسیه‌كه‌ی ئه‌وا بۆی هه‌یه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ پارێزگاو لێژنه‌ بۆی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیی ئه‌م مافه‌ی لێ بسه‌نێت له‌به‌ر هۆی چاره‌سه‌ركاریی و نه‌خۆشیش مافی هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ته‌زه‌لوم بكات له‌م رێكاره‌.
یازده‌م: ته‌زه‌لوم كردن له‌ هه‌ر رێكارێك به‌پێی ئه‌و رێساو رێكارانه‌ی رێنماییه‌ ده‌ركراوه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ دیاریان ده‌كات.
دوازده‌م: چاوپێكه‌وتنی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی ده‌كه‌ن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌یان ته‌نها ئه‌گه‌ر چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ پلانی چاره‌سه‌ریی.
سێزده‌م: تواناپێدانی له‌سه‌ر چاوپێكه‌وتنی پارێزه‌ره‌كه‌ی.
چوارده‌م: ده‌ستكه‌وتنی مۆڵه‌تیی چاره‌سه‌ریی به‌پێی ئه‌و پلانه‌ چاره‌سه‌رییه‌ی بۆی دانراوه‌.
پازده‌م: داواكردنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ دامه‌زراو به‌بێ یاوه‌ری هیچ كه‌سێك له‌ كه‌سوكاری ئه‌گه‌ر ماوه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی زۆره‌كی كۆتایی هاتبێت پاش وه‌رگرتنی پلان بۆ چاودێریكردنی له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ پاش ده‌رچوونی، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی چاودێریكردنی له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌.
شازده‌م: پاراستنی له‌ وه‌سوودهێنانی ئابوری و سێكسی و له‌ ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و مامه‌ڵه‌ی ڕیسواكار.
حه‌ڤده‌م: ده‌سكه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی گه‌یاندنه‌ ناوه‌خۆو ده‌ره‌كیه‌كان به‌پێی پلانی چاره‌سه‌ریی بڕیاردراو.
هه‌ژده‌م: له‌ حاڵه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ریی ئاره‌زومه‌ندانه‌ ئه‌وا نه‌خۆشی ده‌روونی مافی هه‌یه‌ له‌:
1- وه‌رگرتنی زانیاری پێویست بۆ ده‌ربڕینی ڕه‌زامه‌ندی ڕاشكاوانه‌و ئازادانه‌ بۆ هه‌ر چاره‌سه‌ریێكی پێشنیاركراو له‌ لایه‌ن تیمی چاره‌سه‌ركاره‌وه‌.
2- ڕه‌تكردنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی پێشكه‌شكراو بۆی به‌ مه‌رجێك له‌ ئاسه‌واری ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستیه‌كه‌ی ئاگادار بكرێته‌وه‌.
3- وه‌رگرتنی بیروڕای له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ چاره‌سه‌ركردن و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌كان و وه‌رگرتنی راپۆڕتی نووسراو له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی دامه‌زراوه‌كه‌ ده‌رباره‌ی پلانی چاره‌سه‌ركردن و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی. 

مادده‌ی سی و پێنجه‌م: 
ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پابه‌ند ده‌بن:
یه‌كه‌م: ڕاده‌ستكردنی نه‌خۆش و كه‌سوكاری وێنه‌یه‌ك له‌و مافانه‌ی نه‌خۆش كه‌ له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ كاتی چوونه‌ژووره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان له‌گه‌ڵ دانانی كۆپیه‌ك له‌م مافانه‌ له‌ دۆسیه‌ پزیشكیه‌كه‌ی و یه‌كێكی تر له‌ تۆماره‌ پزیشكیه‌كان پاش واژووكردنی له‌سه‌ری له‌ لایه‌ن نه‌خۆشه‌وه‌.
دووه‌م: دانانی كۆپیه‌ك له‌م مافانه‌ له‌ شوێنی به‌رچاو تاوه‌كو نه‌خۆش و میوانه‌كان سه‌یریان بكه‌ن.
سێیه‌م: ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مافانه‌و رێكاره‌كانی ته‌زه‌لوم، و چۆنیه‌تی پێشكه‌شكرنی سكاڵاو ئه‌و لایه‌نه‌ی وه‌ریده‌گرێت بۆ هه‌ر نه‌خۆشێك له‌ كاتی چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ ناو دامه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستیی ده‌روونی.

مادده‌ی سی و شه‌شه‌م: 
ناكرێت بۆ كه‌س جگه‌ له‌ تاكه‌كانی تیمی چاره‌سه‌ركار یان ئه‌وانه‌ی تۆماره‌ پزیشكیه‌كان رێكده‌خه‌ن بڕواننه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆش، هه‌روه‌ها ناكرێت كۆپیێكی لێ ده‌ربهێنرێت ته‌نها به‌ مۆڵه‌تی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی پارێزگایه‌كه‌وه‌ نه‌بێت.
مادده‌ی سی و حه‌وته‌م: 
ناكرێت ئازادی نه‌خۆش له‌ ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ كۆت بكرێت یان گۆشه‌گیر بكرێت به‌ هه‌ر ئامرازێك به‌بێ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌ دیاریكراوه‌كان به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی ده‌رده‌كرێن بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.

ده‌روازه‌ی حه‌وته‌م
حوكمی سزایی
مادده‌ی سی و هه‌شته‌م: 
یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ پێشێل نه‌كردنی هه‌ر سزایه‌كی توندتر كه‌ یاسا ده‌قی له‌سه‌ر بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ساڵ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت هه‌ر كه‌سێك:
1- به‌ نیازخراپی زانیاری یان داتا یان راپۆڕت به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕاستی ده‌رباره‌ی باری ده‌روونی كه‌سێك پێشكه‌ش بكات به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی به‌زۆره‌كی ده‌سبه‌سه‌ر بكرێت وه‌ك نه‌خۆشێكی ده‌روونی یان به‌ ئامانجی كۆتاییهێنانی ده‌سبه‌سه‌رییه‌كه‌ی، یان لێبووردنی له‌ به‌رپرسیارێتی تاوانكاریی چ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو یان به‌شه‌كیی.
2- ئه‌و پابه‌ندییه‌ی له‌ مادده‌ی (31)ی ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قی له‌سه‌ر كراوه‌ پێشێل بكات.
دووه‌م: سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ دوو ساڵ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ پێنج سه‌د هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت یان به‌ یه‌كێك له‌م دوو سزایه‌:
1- هه‌ر پزیشكێك به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ ڕاپۆڕته‌كه‌ی شتێك بسه‌لمێنێت كه‌وا پێچه‌وانه‌ی ڕاستی بێت ده‌رباره‌ی باری ده‌روونی یان ژیریی كه‌سێك به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بیخه‌نه‌ دامه‌زراوه‌كان یان لێی بهێننه‌ده‌ره‌وه‌ یان به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو یان به‌شه‌كیی له‌ به‌رپرسیارێتی تاوانكاریی بیبوورن.
2- هه‌ر یه‌كێك كه‌سێك به‌ سیفه‌تی تووشبوونی به‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كان یان ژیرییه‌كان له‌ شوێنێك ده‌سبه‌سه‌ر بكات یان به‌ ئه‌نقه‌ست ببێته‌ هۆی ده‌سبه‌سه‌راگرتنی له‌ شوێنێك جگه‌ له‌و شوێنانه‌ی یان ئه‌وا حاڵه‌تانه‌ی له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌.

مادده‌ی سی و نۆیه‌م: 
سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ سێ سه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت هه‌ر كه‌سێك:
یه‌كه‌م: به‌ ئه‌نقه‌ست توانا بداته‌ كه‌سێكی ملكه‌چ بۆ رێكاره‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌ یان چاره‌سه‌ریی زۆره‌كی بۆ ڕاكردن یان یارمه‌تی بدات له‌سه‌ر ڕاكردن یان به‌خۆی یان به‌ هۆی كه‌سانی تره‌وه‌ بیشارێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێزانینی.
دووه‌م: بوو به‌ رێگر له‌به‌رده‌م هه‌ڵسانی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی یان ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات له‌ ئه‌نجامدانی پشكنین به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
سێیه‌م: ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پێدانی زانیاری كه‌وا لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی یان پشكنه‌ره‌كان له‌ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان پێویستیان پێیه‌ یان زانیاری پێچه‌وانه‌ی ڕاستی پێدان له‌گه‌ڵ پێزانینی.

مادده‌ی چله‌م: 
سزا ده‌درێت به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی حوكمێك له‌ حوكمه‌كانی مادده‌كانی (9، 10، 21، 22، 24، 35)ی ئه‌م یاسایه‌ بكات.
مادده‌ی چل و یه‌كه‌م: 
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك نهێنیێك له‌ نهێنیه‌كانی نه‌خۆشی ده‌روونی به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ئاشكرا بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ دوو ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵبستێت به‌ ئه‌نقه‌ست یان به‌ بێباكیه‌كی گه‌وره‌ به‌ پێدانی ده‌رمانێك به‌ نه‌خۆش به‌بێ رێنمایی پزیشكی پسپۆڕ یان به‌ پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ یه‌ك ساڵ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ دوو ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
مادده‌ی چل و دووه‌م: 
هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی حوكمه‌كانی مادده‌ی (37)ی ئه‌م یاسایه‌ بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ سێ سه‌د هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.


ده‌روازه‌ی هه‌شته‌م
مادده‌ی چل و سێیه‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زیری ته‌ندروستی رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی چل و چواره‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت.
مادده‌ی چل و پێنجه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

                                                                             د.ارسلان بایز اسماعیل 
                                                                 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق


هۆیه‌ پێویستكاره‌كان
له‌ پێناو پاراستنی مافی نه‌خۆشه‌ ده‌روونییه‌كان و مسۆگه‌ركردنی چاودێریی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆیان، و دووباره‌ ئاماده‌سازیی كردنه‌وه‌یان وه‌ك توێژێكی كاریگه‌رو چالاك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وا ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.