یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2014 یاسای پێدانی بودجه‌ی حزبه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 5
ساڵی دەرچوون : 2014
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر پێشنیاری ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (19)ی رۆژی 24/7/2014 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:
یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2014
یاسای پێدانی بودجه‌ی حزبه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق 
مادده‌ی یه‌كه‌م: 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌یه‌كی ساڵانه‌ بۆ حیزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتییدا دابین ده‌كات.
مادده‌ی دووه‌م:
بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ حیزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كان بریتی ده‌بێت له‌ (1%) له‌ سه‌دا یه‌كی بودجه‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستان به‌م پێوه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت:
یه‌كه‌م: كورسیی په‌رله‌مان ده‌كرێته‌ بنه‌ما و، به‌های هه‌ر كورسییه‌ك مانگانه‌ (0،000375%)ی بودجه‌ی گشتییه‌.
دووه‌م: ژماره‌ی كورسییه‌كانی دوایین دوو خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ر حیزبێك كۆده‌كرێته‌وه‌ و، هه‌ر حیزبێكی كوردستانی له‌ یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه‌ كورسییه‌كی بۆ كۆی ژماره‌ی كورسییه‌كانی زیاد ده‌كرێت به‌ مه‌رجێك له‌ هه‌ر خولێكدا ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ (4) چوار كورسیـی كه‌متر نه‌بێ.
سێیه‌م: هه‌ر حیزبێك به‌شداری هه‌ڵبژاردنی خولی به‌رده‌وامی په‌رله‌مانی كوردستانی كردبێت و كورسیـی به‌ده‌ست نه‌هێنابێ، به‌ڵام رێژه‌ی له‌ (40%) له‌ سه‌دا چل یان زیاتری ده‌نگی پێویست كورسیـی به‌ ده‌ست هێنابێ، به‌های دوو كورسیـی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت.
چواره‌م: هه‌ر حیزبێك به‌شداری خولی به‌رده‌وامی په‌رله‌مانی كردبێت و كورسیـی به‌ده‌ست نه‌هێنابێ، به‌ڵام رێژه‌ی (20% - 39%)ی ده‌نگی پێویست بۆ كورسیـی به‌ ده‌ست هێنابێ، به‌های یه‌ك كورسیـی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت.
پێنجه‌م: هه‌ر حیزبێكی به‌شداربوو له‌ خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان به‌ هه‌مان ناو كه‌ خاوه‌نی یه‌ك كورسیـی بێت له‌ خولی به‌رده‌وامی په‌رله‌مانی كوردستاندا دوای كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌خولی پێشوو، به‌ به‌های دوو كورسیـی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت.
شه‌شه‌م: هه‌ر حیزبێك پێش راپه‌ڕین به‌شداریـی خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستانی كردبێت و له‌ خولی به‌رده‌وامی په‌رله‌ماندا كورسیـی هه‌بێت، نابێت له‌ (0،00185%)ی بودجه‌ی گشتی كه‌متر وه‌ربگرێت.
حه‌وته‌م: هه‌ر حیزبێك یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسی، كه‌ خاوه‌نی كورسیی كۆتای خولی به‌رده‌وامی په‌رله‌مانه‌، ئه‌وا به‌های ئه‌و كورسییه‌ی مانگانه‌ (0،0005%)ی بودجه‌ی گشتییه‌ به‌ده‌ر له‌ حوكمی بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م مادده‌یه‌.


مادده‌ی سێیه‌م:
ئه‌و حیزبانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، بێبه‌ش ده‌كرێن له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌، له‌ حاڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، یان سه‌رپێچی كردن له‌ حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی 1993ی هه‌مواركراو.

مادده‌ی چواره‌م:
به‌پێی سیسته‌می ژمێریاریی كارپێكراو له‌ هه‌رێمدا ووردبینی بودجه‌ی حیزبه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و، ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی.

مادده‌ی پێنجه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رێنمایی پێویست ده‌ربكات بۆ جێ به‌جێ كردنی ئه‌م یاسایه‌.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

مادده‌ی حه‌وته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا كاری 
پێده‌كرێت.


                                                                                                              یوسف محمد صادق
                                                                                                  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
له‌ پێناوی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدان به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و فره‌ حیزبی له‌ هه‌رێمدا و، چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت و به‌شداربی چالاك له‌ ژیانی سیاسیدا، هه‌روه‌ها رێكخستنی بودجه‌ی حزبه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كان له‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ بودجه‌ی گشتیدا، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.